٢٣ ئەیلوول ٢٠١٦ - ٠٦:٤٤
کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆک کۆماری ئێران لە نیۆیۆرک

سەرۆک کۆماری ئیسلامئیی ئێران پێی داگرت: دانانی ناوچەی قەدەغەی فڕین لە سووریا تەنیا هەر بە سوودی تیرۆریستانە و بەس.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران شەوی هەینی لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانیی کۆتایی سەفەری خۆی بۆ نیۆیۆرک بە ئاماژە بەوەی کە سەرچاوەی هەموو کێشە و گرفتەکانی سووریا دەگەڕێتەوە بۆ تیرۆریزم، وتی: ئێران ئەمڕۆ وەکوو لەمپەرێکی گەورە بەرامبەر بە تیرۆریستان لەوان تیرۆریزمی داعشی و ئەلقاعیدە ڕاوەستاوە. ڕۆحانی پێی داگرت: ڕۆژهەڵاتی ناڤین یەکجار گرینگە و ناپاوەجێی و ئاڵۆزی هەر لەم ناوچەیەدا بەرتەسک نامێنێتەوە و بێ گومان پەرە دەستێنێ بۆ ناوچەکانی دیکەش.
سەرۆک کۆماری ئێران وتیشی: بەداخەوە ڤایرۆسی تیرۆریزم ئەورووپا، ئەفریقا، ئاسیا، ئەمریکا و هەموو جێگایەکی دیکەی جیهانی پێوە دراوە و هەموو جیهان تووشی ئەم پەتایە بووە.
ڕۆحانی سەبارەت بە ئامادە بوونی هێزی ئەمریکایی لە کەنداوی فارس و کێشە و گرفتەکانی ئەم ئامادەبوونەی ئەوانیش وتی: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ گومان ئەرکیان شەڕ و کێشە نانەوە نییە و نابێ، ئەرکی ئەوان بەرگری لە ئاسمان، خاک، ئاو و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێرانە.
ڕۆحانی بە هێنانە ئارای ئەم پرسیارە کە کۆ بوونەوەی هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئەمریکا لە کەنداوی فارس لەبەرچیە؟ وتیشی: لە کەندای فارسدا هیچ شەڕێک لە ئارادا نییە و بێتوو شەڕێکیش هەبێ ئەوە پەلامارە ئاسمانییەکانی عەرەبستان بۆ سەر یەمەنە کە بە داخەوە ئەمریکاییەکان لە جیاتی ئەوەی پێش بە سەعوودییەکان بگرن یارمەتییان دەدەن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە تاران لە دووی شەڕ و کێشە و ئاڵۆزی نانەوە نییە، لەبەر ئەوەی کە ئاڵۆزی لە ناوچەی هەستیار و ستراتژیکی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە سوودی کەس نابێ، پێی داگرت: هێزە ئەمریکاییەکانی ئامادە لە ناوچەیش دەبێ ڕێز دانێن بۆ هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان....

کۆتایی کورتە نامە/310